تیمێكی زانایانی نێودەوڵەتی، پاش دە ساڵ لێكۆڵینەوە گەشتن بە دروستكردنی بۆیاخێك كە توانای خۆپاككردنەوە و خۆپاراستنی هەیە و تەمەنی بۆ دەیان ساڵ درێژ دەبێتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، گۆڤاری وەرزیی (سایێنس) لە بەریتانیا، ئەنجامی لێكۆڵینەوەی تیمێكی زانایانی هاوبەشی بەریتانی و چینی بڵاوكردەوە، كە پاش دە ساڵ گەشتوون بە پێكهاتەی بۆیاخێك بۆ هەموو شتێك بەكاردێت، هەر لە كاغەز و جلوبەرگەوە، تا دیوار و ئامێری ناوماڵ و ئاسن و ئۆتۆمبێلیش.
بە پێی وتەی لێكۆڵەران، پێكهاتەی ئەو بۆیاخە نوێیە بە تەكنۆلۆژیای نانۆ لە دوانۆكسیدی تیتانیۆم بەرهەم هێنراوە و لەسەر ئاستی گەردیلەییش ئاو ناگرێتە خۆ، بەڵكو بەسەریدا تێپەڕ دەبێت و لەگەڵ خۆیدا تەنانەت بەكتریا و ڤایرۆسی رووەكە لەگەڵ هەر پەڵە و پیسییەكی تر دەماڵێت.
لەوبارەیەوە، كلێر كارماڵت، یەكێك لە بەشداربووانی دۆزینەوەكە و مامۆستای كیمیای ئەندامیی لە كۆلێژی لەندەنی زانكۆیی، دەڵێت: باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی نەهێڵی روویەك پیس بێت ئەوەیە، وای لێبكەیت ئەوەندە سەخت و ساف بێت هیچ شتێك نەگرێتە خۆ.
كارماڵت ئەوەش دەڵێت: لە رووی میكانیكییەوە، هەموو ئەو ڕووانەی ئێستا هەن نەرمو ناسكن و ئەگەر گەورە بكرێن بەرزی و نزمی ئەوتۆیان تێدایە كە گەردیلەی تەپوتۆز و مادەكانی تر دەگرنە خۆ و زوو پیس دەبن، بەڵام بەم بۆیاخە نوێیە ئەو كێشە دەبێتە رابردوو و چیتر ئامێرەكانتان پیسی ناگرێتە خۆ.
تیمەكە بۆ بۆیاخ كردنی هەر مادەیەك، رێگایەكی جیایان بەكارهێناوە، بۆ نمونە بۆ شوشە بە كۆمپرێسەر و بۆ قوماش بە نقومكردن و بۆ كاغەزیش بە دەرزی بۆیەكەیان خستۆتە ناوی و لە هەموویاندا ئەنجامەكان لێكەوە نزیك بوون، بەوەی ئەو تەنەی بەو بۆیاخە بۆیە كرابێت، پیسی ناگرێتە خۆ و كاتێكیش ئاوی بەسەردا دەڕوات، لە هەر بەكتریا و ڤایرۆسێكیش پاك دەبێتەوە.
یاو لۆ، یەكێكی تر لە زانایانی ئەو تیمە دەڵێت: نهێنی بۆیاخەكە لە وردی و سەختیدایە، كە ناهێڵێت هیچ تەنۆچكە و گەردێكی لەسەر بنیشێت. تەنانەت ئاوی بەردەوامیشی لەسەر بێت لەگەڵ نەمانی ئاوەكە مادەكە لە ماوەی كەمتر لە چركەیەكدا وشك دەبێتەوە.
ئەوەشی وتووە: لەسەر ئاستی نانۆمەتر كارمان لە دروستكردنی ئەو بۆیاخەدا كردووە و قۆناغی داهاتووی توێژینەوەكەشمان بۆ ئەوەیە بە شێوەی بازرگانی دروستی بكەین تا خەڵكی لێی سوودمەند ببن.