Latest News

تەواوى ژيانى ئەفسانەى تۆپى پێ لـــــیۆنێــــل مـــــێــــســــی


مێسی ئەو ناوە قەشەنگەیە  کە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە تا ئێستا    لەگەڵ هەموو یارییەکدا  زیاتر و زیاتر  جیهان سەرسام دەکات و  زیاتر بەرەو  پلەی نایاب ترین یاریزان لە مێژوویی تۆپی پێ دا  هەنگاو دەنێت. ئاستە ئەفسووناوییەکەی لەگەڵ بەرشلۆنە  زۆر کەسایەتی وەرزشی جیهانی هێناوەتە ئەو بڕوایەی  مێسی دەبێتە باشترین یاریزانی جیهان لە مێژوویی تۆپی پێ دا .  خێراییە  دەگمەنەکەی ،   جوڵانەوە بێ وێنەکانی ، لێدانە بەهێزەکان و پاسە سەرسوڕهێنەرەکانی   بەشێکن لە تایبەتمەندییەکانی مێسی لە ناو یاریگا . ئەمە جگە لەوەی لە دەرەوەی یاریگا کەسێکی  ڕەوشت بەرز و سادە و  خۆشەویستی لای هاوڕێکانیەتی . زۆرێک بە جێگرەوەی  دیێگۆ ئەرماندۆ ماڕادۆنای دەزانن  بەڵام کەم نین ، ئەوانەشی کە پێیان وایە  دەتوانێت  لە ماڕادۆنا باشتر بێت  . بە هەموو پێوەرێک هەردووکیان  دوو باشترین یاریزانی ژمارە ” ١٠ ” ـن لە جیهاندا .
لیۆ نزیک بۆتەوە لە نازناوی گۆڵکاری مێژوویی لالیگا و ١٠ ساڵیش تێپەڕی بەسەر ئەنجامدانی یەکەم یاری بۆ بارسا ، لە یاریگاوە  تەواوی ووردەکاری و ژیانی ئەو یاریزانە بخوێننەوە
پێناس و ژیانی تایبەتی
ناوی تەواو :  لویس لیۆنێل ئەندرێس مێسی
بەرزی باڵا : ١.٦٩ م
کێش : ٦٧ کگم
ژمارەی درێس : ١٠  ( بەرشلۆنە ) ، ١٠ ( ئەرژەنتین )
شوێنی یاریکردن : هێرشبەری دووەم ، هێرشبەری یەکەم  .
نازناو : ” ماڕادۆنای تازە ” ، لا پولگا ، لیۆ ، لاماسیا
باری خێزانیی : پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ”  ئەنتۆنێلا ڕۆکوزۆ ” هەیە .
شوێنی نیشتەجێبوون : بەرشلۆنە ، ئیسپانیا
شوێنی لە دایک بوون : ڕۆساریۆ ، ئەرژەنتین
یانەی ئێستا : بەرشلۆنە ( لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٣) هەڵبژاردە : ئەرژەنتین  ( لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٥ )
یانەکانی پێشووی : نیویڵ ئۆڵد بۆیز ( ١٩٩٥ تا ٢٠٠٠)
نرخی خەملێنراوی : ١٠٠ ملیۆن پاوەند
موچە : ٢٠ ملیۆن یۆرۆ
وادەی گرێبەستەکەی : تاوەکو  ٢٠١٨ /٦/٣٠ لەگەڵ بەرشلۆنە
بەڕێوبەری کارەکانی : بیراتون دێرچ فامیلینانگیهۆرێگەر
ماڵپەڕی فەرمی : www.leomessi.com
پەڕەی فەرمی لە فەیسبووک :  http://www.facebook.com/LeoMessi
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ژیانی تایبەتی
لیۆنێل ئەندرێس مێسی لە بەرواری ١٩٨٧/٦/٢٤  لە ڕۆساریۆ ، سانتا فی  لە ئەرژەنتین لە دایک بووە ،  مێسی  وەک زۆربەی یاریزانەکانی تر   لە خێزانێکی هەژار لە دایک بووە     باوکی ” خۆرخی هۆراسیۆ مێسی ” لە کارگەی دروستکردنی ستیل کاری دەکرد ، دایکشی ” سێلیا ماریا کوچێتینی ”   پاککەرەوە ماڵان بوو  .. بنەچەی خێزانەکەیان دەگەڕێتەوە سەر  شاری ئەنکۆنای ئیتاڵی  بەڵام لە ساڵی ١٨٨٣ باو باپیرانی مێسی  ڕوویانکردۆتە ئەرژەنتین. مێسی دوو برای لە خۆی گەورە تری هەیە بە ناوەکانی  ڕۆدریگۆ و ماتیاس ، وە خوشکێکیشی هەیە ناوی  ماریا سۆلـە . مێسی دوو ئامۆزای هەیە کە یاریزانی تۆپی پێ ن ، یەکەمیان ناوی ماکسیە و هێرشبەری کلەب ئۆڵیمپیای پاڕاگواییە ، وە ئیمانوێل بیانوکوچی  یاری بۆ گیرۆنای ئیسپانی دەکات لە هێڵی ناوەڕاست .

ماکارینا لیمۆس یەکەم خۆشەویستی مێسی بوو کە دانیشتووی هەمان ئەو شارەیە مێسی تێدا لە دایک بوو . لیۆ سەبارەت بە لیمۆس وتوویەتی  کاتێک  ئەوی ناسیوە کەبەهۆی پێکان گەڕاوەتەوە ئەرژەنتین پێش جامی جیهانی ٢٠٠٦ چاوی بە لیمۆس کەوتەوە . جگە لە لیمۆس   مێسی پەیوەندی لەگەڵ لوسیانا سالازار هەبووە  کە کچە نمایشکارێکی ئەرژەنتینیە . لە مانگی یەکی ٢٠٠٩ لە چاوپێکەوتنێکدا  بۆ کەنالی ٣٣  وتی : خۆشەویستێکم هەیە لە ئەرژەنتین دەژی و دڵخۆش و ئاسوودەم لەگەڵیدا  ..  لەم چەند ساڵەی دوایشدا لەگەڵ ئەنتۆنێلا ڕۆکوزۆ بینراوە کە ئەویش هەر ئەرژەنتیینیە و خەڵک ڕۆساریۆییە و تا ئێستاش لەگەڵ ئەوەدا پەیوەندی هەیە.
پێش دوو ساڵ  مێسی بوو بە باوک کاتێک تیاگۆی کوڕی چاوی بە دنیا هەڵهێنا. لیۆ خۆشەویستییەکی بێ وێنەی بۆ کوڕەکەی هەیە و ناوی لەسەر قاچی بە تاتۆ نەخشاندووە. لە دوای لە دایکبوونیشی وتی “من دڵخۆشترین پیاوی جیهانم، زۆر سوپاس بۆتۆ خوایە کە کوڕێکت پێبەخشیم”.
وێنەی مێسی و ئەنتۆنێلا
کاری خێرخوازی 
لە ساڵی ٢٠٠٧ ،  دەزگای  لیۆ مێسی دامەزراند  ، کە دەزگایەکی خێرخوازییە  بۆ پەرەپێدانی خوێندن و  تەندروستی مناڵان  .  مێسی لەوبارەیەوە دەڵێت ”  کە کەمێک بەناوبانگ بووم ، هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسا کە یارمەتی ئەو مناڵانە بدەم  کە پێویستیان پێیەتی ”    .. بەو پێیەی خۆی لە مناڵیدا ئازاری زۆری چەشتووە بەدەست  باری تەندروستی و هەژارییەوە    ، مێسی زۆر  کەسێکی بە سۆزەوە بەرامبەر مناڵان و نەداران . هەر مناڵێکی ئەرژەنتین چارەسەری لە وڵاتەکەی نەبیت ، دەزگاکەی مێسی دەیهێنیتە ئیسپانیا و بێ بەرامبەر چارەسەری بۆ دەکات . لە ٢٠١٠/٣/١١  مێسی وەکو باڵوێزی  UNICEF ی نیەتپاکی دەستنیشان کرا . کاری مێسی پارێزگاریکردنە لە مافی مناڵان و لەو رووەشەوە بەرشلۆنە یارمەتیدەرێکی گەورەی  مێسیە ، چونکە بەرشلۆنە و UNICEF پەیوەندییەکی پتەو لە نێوانیاندا هەیە .
لە ئاداری ٢٠١٣ دا  بڕی ٦٠٠ هەزار یۆرۆی بەخشی بە نەخۆشخانەی رۆساریۆ کە تایبەتە بە نەخۆشییەکانی منداڵان لە شاری لە دایکبوونیدا.
میدیا
وێنەی مێسی لەسەر بەرگی یاری ڤیدیۆیی   Pro Evolution Soccer 2009  وە  Pro Evolution Soccer 2011  دانرا  ، ماوەی چەند ساڵێکیشە بە بەردەوامی ئەستێرەی یەکەمی بەرگی یاری ڤیدیۆیی fifa یە ..  مێسی گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئەدیداس هەیە و ڕیکلام بۆ ئەو کۆمپانیایە ئەنجام دەدات .   وە هەروەها  لە ٢٠١٠  مێسی گرێبەستێکی لەگەڵ ” هێربا لایف ” واژۆکرد کە سپۆنسەری دەزگا خێرخوازییەکەی مێسی دەکەن . لە ساڵی ٢٠١١  مێسی  لە ١٠٠ کەسە بەناوبانگەکەی گۆڤاری تایمز  هەڵبژێدرا ، کە تایبەتە بەو ١٠٠ کەسەی کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا زۆرترین کاریگەرییان لەسەر جیهان هەبووە . لە مانگی چواری ٢٠١١ ، مێسی پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک کردەوە  ، کە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا    زیاد لە ٦ ملیۆن  هاندەری کۆکردەوە و ئێستا پەیجەکەی مێسی خاوەنی زیاد لە ٢٤ ملیۆن هاندەرە.
سامان
مێسی لە ساڵانی رابردوو لە ریزبەندی یەکەمی دەوڵەمەندترین یاریزانانی جیهاندابوو بەڵام لە ٢٠١٤دا گۆڤاری فۆربیس  رایگەیاند مێسی دووەم دەوڵەمەندترین یاریزانە لەدوای رۆناڵدۆ بە سامانی ٦٥ ملیۆن یۆرۆی ساڵانە.  لەو بڕە پارەیەش زیاد لە ٢١ ملیۆن یۆرۆی لەڕێگای موچەی ساڵانەوە وەردەگرێت لە بارسێلۆنا.
تاوانی باج نەدان
خۆرخی هۆراسیۆی باوکی مێسی  بانگهێشتی لێکۆڵینەوەکرا  سەبارەت بە کەیسی دیارنەمانی چوار ملیۆن یۆرۆ باجی حکومەتی ئیسپانیا لە نیوان ساڵانی ٢٠٠٧-٢٠٠٩ دا  . هێندەی پێنەچوو مێسی یش لەوباسەوە تێوەگلا.   دوای چەندین مانگ دادگایی و لێکۆڵینەوە و گواستنەوەی ئەو کەیسە بۆ چەند دادگاییەکی جیاواز سەرەنجام مێسی و باوکی بە تاوانبار لە قەڵەمدران و ئێستا تەنها  راگەیاندنی سزاکەماوە. پێشبینیش دەکرێت سزاکەی مێسی تەنها دارایی بێت و زیندانی تێنەکەوێت.
نهێنییە گەورەکە 
کاتێک تەمەنی پێنج ساڵان بوو دەستی کردن بە یاریکردن بۆ یانەیەکی ناوخۆیی بە ناوی گراندۆلی کە باوکی ڕاهێنەری ئەو یانەیە بوو . پاشان لە ساڵی ١٩٩٥ ڕوویکردە یانەی نیویڵس ئۆڵد بۆیس کە لە شارەکەی خۆی  ڕۆساریۆ بوو .
به‌ به‌هره‌یه‌کی زۆره‌وه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی نیولز ده‌رکه‌وت ، به‌ تێپه‌ڕبوونی کات هه‌ست به‌ بچوکی باڵای و خاوی  له‌ گه‌شه‌ی  ده‌کرا ، ئه‌م کێشه‌یه‌ش  به‌ پله‌ یه‌ک خانه‌واده‌که‌ی نیگه‌رانکرد  و به‌ پله‌ی دووه‌میش  یانه‌که‌ ،، دایکی میسی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت : به‌راوردمان له‌ نێوان ئه‌و و خوشک و براکانی ده‌کرد به‌ ئاسانی هه‌ستمان به‌ بچوکی باڵای ده‌کرد به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی ..
له‌ مانگی یه‌کی ساڵی ١٩٩٧ کاتێک ته‌مه‌نی  ١٠ ساڵ بوو باڵای میسی له‌ مه‌ترێک و ٢٧ سم تێپه‌ڕی نه‌ده‌کرد ، بۆ ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌ خێزانه‌که‌ی بڕیاریاندا پیشانی پزیشکێکی تایبه‌تمه‌ندی بده‌ن سه‌باره‌ت به‌ بچوکی باڵای.
دیگۆ شوارزستاین پزیشکی به‌رپرس له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شاری ڕۆزاریۆ ده‌ڵێت : میسی ـیان بۆ هێنام و پێیان وتم ئه‌ستێره‌یه‌کی تۆپی پێی به‌هره‌داره‌ و ده‌بێت ئاگاداری بم ، ئه‌رکی من یارمه‌تیدانی بوو له‌ گه‌شه‌کردنی ،، پزیشکه‌کان دوای چه‌ند پشکنینێک بۆیان ده‌رکه‌وت هۆکاره‌که‌ی که‌می به‌رهه‌مهێنانی جینێکی تایبه‌ت به‌ گه‌شه‌یه‌ له‌ له‌شی میسی ،
چاره‌سه‌ره‌که‌ش ئه‌وه‌ بوو ڕۆژانه‌ ده‌رزی تایبه‌تی بۆ بکرێت بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر بۆ ئه‌وه‌ی جێگای ئه‌و هۆرمۆنه‌ بگرێته‌وه‌ که‌ له‌ له‌شی میسی که‌مبوو ، خێزانه‌که‌ی نیگه‌رانبوون که‌ کوڕه‌ نۆ ساڵانه‌که‌یان ده‌بێت ڕۆژانه‌ ده‌رزی لێبدرێت و ئازاری جه‌سته‌ی بدرێت ، بۆ زیاتر له‌ دوو ساڵ میسی هه‌مووکات ده‌رزیه‌کی پێبوو تایبه‌ت به‌ هۆرمۆنی گه‌شه‌ ی ده‌ستکرد که‌ له‌ ژێر کۆگای جله‌کانی ده‌یشارده‌وه‌.
خوان کالۆس لیگۆثمان هاوڕێی بنه‌ماله‌که‌یان ، درێژه‌ی ئه‌و باسه‌ی لایه‌ و ده‌ڵێت : ئه‌و له‌سه‌ر جێگای نوستنه‌که‌ی پێش خه‌وتن ده‌رزیه‌که‌ی له‌ قاچی ئه‌دا و نه‌شی ئه‌هێشت که‌س یارمه‌تیبدات کاتێک ته‌نیا ٩ ساڵ بوو .. ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ خێزانه‌که‌ی زیاتر نیگه‌رانبوون بۆ کوڕه‌که‌یان ، ڕوبه‌ڕووی کێشه‌یه‌کی تر بوونه‌وه‌ ، ئه‌ویش پاره‌ی مانگانه‌ی ده‌رمانه‌کان بوو که‌ ١٥٠٠ دۆلار بوو ، ه‌وه‌ ئه‌و بره‌ش له‌ توانای خێزانه‌یه‌کدا نه‌بوو دایکی میسی ده‌ڵێت: نرخه‌که‌ی زۆر گران بوو و له‌ توانای ئێمه‌ نه‌بوو بیده‌ین ،  وه‌زاره‌تی دارایی له‌ ڕیگای دامه‌زراوه‌یه‌کی خێرخوازی و به‌ هاوکاری کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌ثێنده‌ر بۆ کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی  بۆ ماوه‌ی ته‌نیا دوو ساڵ یارمه‌تیان داین ، دواتر ڕه‌تیان کرده‌وه‌ چی تر یارمه‌تیمان بده‌ن  .. دوای بڕینی هاوکاریه‌که‌ ،  ده‌رمانه‌که‌ پێویست بوو بۆ میسی هه‌م وه‌ک داهاتووی مرۆڤێک و هه‌م وه‌ک ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی یاریکردنی له‌ مه‌ترسیدابوو .   خێزانه‌که‌ی له‌ هه‌موو درگایه‌کیاندا بۆ په‌یداکردنی پاره‌ی ده‌رمانه‌کانی  مێسی ، بۆیه‌ باوکی میسی ناچاربوو قسه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی نیۆلز  بکات و  دوای هه‌وڵیکی زۆرئه‌وان ڕازیبوون چه‌ند ده‌رمانێکی سه‌ره‌تایی بۆ دابین بکه‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام نه‌بوو ته‌نیا بۆ چه‌ند مانگێک نه‌بوو ،، ئه‌مه‌ش دایکی میسی توڕه‌کرد و مس  سێلیا  کۆچێتینی  ( دایکی میسی ) ی گه‌یانده‌ بنکه‌ی سه‌ره‌کی یانه‌که‌ و له‌وێ چاوی به‌ ڕاهێنه‌ر ئارنیستۆ ڤیچینۆ کرد ، دایکی میسی له‌وێدا هه‌ڕه‌شه‌ی لێکردبوو وتبووی : قسه‌م له‌گه‌ڵکردبوون سه‌باره‌ت به‌ ده‌رمانی لیۆ چه‌ند جارێک ، ئێمه‌ بێزاربووین له‌ هه‌ستنه‌کردن به‌ به‌رپسیاریه‌تی ئێوه‌ و دابین نه‌کردنی ده‌رمانه‌کان ، یه‌ک شتت پێده‌ڵێم ، ناهێلم بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یانه‌که‌ی  و  ئه‌گه‌ر نه‌توانن ده‌رمانه‌کانی بۆ ئاماده‌ بکه‌ن ڕووده‌کاته‌ یانه‌یه‌کی تر .
یانه‌ی نیولز له‌و شه‌ودا ئه‌و که‌سه‌ی له‌ده‌ستدا که‌ دوای ١٠ ساڵ وه‌ک باشترین یاریزانی جیهان هه‌ڵبژێردرا و  دایکی  هه‌ڕه‌شه‌که‌ی برده‌سه‌ر و میسی نیۆڵز ی به‌جێهێشت. پێگه‌ی داهاتووی میسی ، یانه‌ی ریڤه‌رپله‌یت بوو ، باوکی میسی خۆرخی میسی له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌ی پاسێکیان گرت و له‌ ڕۆساریۆوه‌ به‌ره‌و بۆینس ئایرس ی پایته‌خت به‌ڕێکه‌وتن  ، له‌ ڕۆژی دواتر  ڕوویانکرده‌ یه‌کێک له‌ یاریگاکانی ڕاهێنانی تیپی لاوانی ریڤه‌رپله‌یت که‌  نزیکبوو له‌ یاریگای مۆنۆمنتال ی تایبه‌ت به‌ تیپی یه‌که‌م و بۆ ئه‌وه‌ی میسی به‌شداری له‌ تێستێک بکات له‌گه‌ڵ لاواندا خۆرخی میسی ده‌ڵێت : یاریزانه‌کان ڕیزیان به‌ستبوو یه‌ک له‌ دوای یه‌ک ، کاتێک سه‌ره‌ی میسی هات که‌ به‌ڕێوبه‌ره‌که‌ کورتی باڵای بینی بێ هیچ شتێک خستیه‌ کۆتایی ریزه‌که‌ ڕاهێنه‌ره‌کان ده‌ستیان کرد به‌ تاقیکردنه‌وه‌ وه‌رزشیه‌کان و که‌سیان گرنگیان به‌ میسی نه‌دا وه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌وێ نه‌بێت  ، له‌ به‌ربه‌سته‌که‌ نزیکبوومه‌وه‌ که‌ یاریگای له‌ ده‌ره‌وه‌ جیا کردبوه‌وه‌ و داوام له‌ به‌ڕێوبه‌ره‌که‌ کرد به‌شداری به‌ میسی بکات که‌ تاقیکردنه‌وه‌کان به‌ره‌و ته‌واوبوون ئه‌چوون به‌ڵام گوێی لێنه‌گرتم ،، دوای چه‌ن خوله‌کێک یه‌کێک له‌ ڕاهینه‌ره‌کان له‌ میسی نزیکووبوه‌وه‌ و لێی پرسی له‌ کوێ یاری ده‌که‌یت ؟  میسی وه‌ڵامی دایه‌وه‌ له‌ ناوه‌ندی ژماره‌ ٩ ، ڕاهێنه‌ره‌که‌ بێ باکانه‌ وتی وه‌ره‌ ناوه‌وه‌ یاری بکه‌ ، میسی بچوک ده‌ستی به‌ یاریکرد و دوو خوله‌ک تێپه‌ڕی و که‌ تۆپ گه‌یشته‌ پێی  میسی به‌ جوڵانه‌وه‌یه‌ک له‌ دوو یاریزان ده‌رچوو و تۆپێکی ئاراسته‌ی گۆڵکرد که‌ گۆڵپارێزه‌که‌ به‌ زۆر ده‌ریهێنایه‌وه‌  و بووه‌ لێدانی  کۆرنه‌ ، دواتر به‌ڕێوبه‌ره‌که‌ به‌ ده‌نگێکی به‌ وتی کێ باوکی ئه‌م بچوکه‌یه‌ ؟  خۆرخی میسی وه‌ڵامی دایه‌وه‌ : من باوکیم ،،، زیاتر له‌ باوکی نزیکبووه‌و وتی : ده‌مانه‌وێت له‌ ڕیڤەر .
بەڵام کاتێک پشکنینی پزیشکی لە یانە تازەکەی بۆ ئەنجامدرا و تێیدا  دەرکەوت  کە کێشەی گەشەی هۆرمۆنی هەیە  ڕیڤەر  مێسی دوورخوستەوە و  گرێبەستی لەگەڵ واژۆنەکرد ! دوای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ریڤه‌ر ، خێزانه‌که‌ی له‌ هه‌مووکات زیاتر دڵنیابوون چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوڕه‌که‌یان له‌ناو وڵاتی تانگۆ نابێت هه‌واڵی بوونی کوڕێکی به‌هره‌داری تۆپی پێ گه‌یشته‌ پایته‌خی هه‌رێمی کاتالۆنیا
چیرۆکه‌که‌ ڕێڕه‌وێکی تری وه‌رگرت کاتێک یه‌کێک له‌ دۆزه‌ره‌وه‌کانی یاریزانه‌ به‌هره‌داره‌کان له‌ ئه‌رژه‌نتین  که‌ هاوکاری یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ی ده‌کرد ، به‌ کارگێری بلوگرانای ڕاگه‌یاند که‌وا که‌سێکی به‌هره‌دار هه‌یه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ چاودێری بکرێت له‌ شاری رۆساریۆی ئه‌رژه‌نتینیه‌ له‌ کانونی دووه‌می ساڵی ٢٠٠٠  ڕاپۆرتێکی به‌په‌له‌ گه‌یشته‌ نوسینگه‌ی جۆسیب ماریا مینگیلا له‌ کارگێری یانه‌ی بارسا که‌ دواتر خۆی پاڵاوت بۆ پۆستی سه‌رۆکی یانه‌که‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٣ و ١٨٧٦ ده‌نگی هێنا ، ڕاپۆرته‌که‌ سه‌باره‌ت به‌ لیۆ بوو ، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا گرنگیه‌کی ئه‌وتۆی پێنه‌دا به‌ڵام ڕاپۆرت له‌ دوای ڕاپۆرت ده‌گه‌یشته‌ ده‌ستی و سه‌رنجی ڕاکێشا ، مینگێلا له‌و کاته‌دا باسه‌که‌ی گه‌یانده‌ کارگێری یانه‌که‌ له‌ سه‌روویانه‌وه‌ خوان گاسبارت به‌ڵام ڕه‌تی کرده‌وه‌ باس له‌و بابه‌ته‌ بکرێت به‌هۆی بچوکی ته‌مه‌نی به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ڕازینه‌بوونی په‌یوه‌ست بوو به‌ خۆپه‌رستی گاسپارت و نه‌بوونی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی  کاتێک سه‌باره‌ت به‌ میسی وتی : ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ببێته‌ باشترین یاریزانی جیهانی تاوه‌کو من سه‌رۆکی بارسا بم نایه‌ت ، دواتر مینگیلا  قسه‌ی له‌گه‌ڵ کارلیس ریکساک کرد که‌ ئه‌و کات پۆستی جێگری ڕاهێنه‌ر لویس فانگال ی هه‌بوو له‌ یانه‌که‌ ، بابه‌تی میسی له‌گه‌ڵ ریکساک کرده‌وه‌ ، به‌ڵام کاردانه‌وه‌ی ئه‌و له‌ سه‌رۆکه‌که‌ زۆر باشتر نه‌بوو به‌ مینگیلای وت : تۆ شێت بویت مینگیلا ، ئێمه‌ پێویستمان به‌ یاریزانی ١٨ ساڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ تیپی یه‌که‌م یاری بکات نه‌ک مناڵێکی ١٢ ساڵ. مێنگیلا  سه‌ره‌ڕای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داواکه‌ی ده‌ستبه‌ردار نه‌بوو ، جارێکی تر به‌ تێلفۆن له‌ به‌رشلۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ شاری سیدنی ئوسترالیا کرد له‌ مانگی نۆی ساڵی ٢٠٠٠ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ریسکاک کرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ لیۆ  که‌ ئه‌و کات ریکساک له‌ سیدنی بوو به‌هۆی یاریه‌کانی ئۆلۆمبی ، به‌ کاریگه‌ری قسه‌کانی مێنگیلا  یاریده‌ده‌ری ڕاهێنه‌ره‌که‌ لیۆ و خێزانه‌که‌ی بانگهێشتکرد دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ سیدنی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پایته‌خی هه‌رێمی کاتالۆنیا ئاماده‌بن بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی تواناکانی میسی میسی و خێزانه‌که‌ی بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌ هۆتێل پلازا مانه‌وه‌ له‌ نزیک بینای ئۆلۆمپی ، گه‌ڕانه‌وه‌ی ریسکاک له‌ سیدنی دوا که‌وت و ئه‌وانیش بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌رژه‌نتین دابوو جه‌ره‌سی تێلفۆنێک بیسترا له‌ شه‌وی چوارشه‌مه‌ی سێی مانگی تشرینی یه‌که‌م ( مانگی ده‌) ، له‌و ژوره‌ی که‌ باوکی میسی لێ بوو له‌ هۆتێله‌که‌ و  مێنگیلا داوای لێکردبوون یه‌ک ڕۆژی تر بمێننه‌وه‌ دوا دوو هه‌فته‌که‌ چونکه‌ ریکساک به‌یانی ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ به‌رشلۆنه‌ و خێزانه‌که‌ی له‌ یه‌کێک له‌ یاریگاکانی مه‌شقپێدانی نزیک کامب نوو  ئاماده‌ ده‌بن رۆژی هه‌ینی ریکساک به‌ تایبه‌ت و له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ میسی تاقی ده‌کاته‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ند ڕاهێنه‌رێک .
له‌ به‌یانی هه‌ینی و له‌ یاریگای بچوککراوه‌ی ژماره‌ ٣ ، یاریه‌ک له‌ نێوان لاوانی بارسا ئه‌نجامدرا به‌ به‌شداریکردنی یاریزانێک له‌ وڵاتی تانگۆ که‌ ئه‌وانی تر زۆر له‌و گه‌وره‌ تربوون ، ریکساک چه‌ند خوله‌کێک دوای ده‌ستپێکردنی یاریه‌که‌ گه‌یشته‌ ئه‌وێ ، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی تۆپ بۆ لیۆ ئه‌و جوڵانه‌وانه‌ی ده‌ست پێکرد که‌ تا ئێستاش نه‌وه‌ستاون ، له‌ چه‌ند یاریزانێک ده‌رچوو و گۆڵێکی تۆمارکرد ، ریکساک پرسیاری پێناسی ئه‌و یاریزانه‌ی کرد که‌ به‌و باڵا بچوکه‌ ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ نیشان ده‌ده‌ات ، وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ :  ئه‌وه‌ ئه‌و ئه‌رژه‌نتینیه‌یه‌ که‌ ده‌بوو تاقیتکردایه‌وه‌ ،، ڕاسته‌وخۆ ریکساک له‌وێدا وتی ده‌بێت گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ واژوو بکه‌ین به‌ زووترین کات به‌ بێ دواکه‌وتن ،، پاشان له‌ باوکی پرسی چه‌ند ڕۆژه‌ له‌ به‌رشلۆنه‌ن ؟ ئه‌ویش وتی ١٥ رۆژ . ریکساک وتی : کاتمان به‌ فیرۆ داوه‌ و ده‌بێت به‌زووترین کات گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ واژوو بکه‌ین .
دوای دوو ڕۆژ خێزانه‌که‌ی میسی جانتا و شتومه‌که‌کانیان پێچاویه‌وه‌ و گه‌ڕآنه‌وه‌ ڕۆساریۆ ، به‌ڵام له‌به‌رشلۆنه‌ واژووکردن وائاسان نه‌بوو به‌هۆی ناڕه‌زایی هه‌ندێک له‌ کارگێڕه‌کانی یانه‌که‌ ، که‌ به‌هۆی بچوکی باڵای هه‌ندێکیان ته‌نانه‌ت پێشنیاری ئه‌وه‌یان کرد ببێته‌ یاریزانی تۆپی پێی بچوککراوه‌ ، دوو مانگ تێپه‌ڕی هێشتا بلوگرانا  گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌که‌ی رۆزاریۆ واژوو نه‌کردبوو ، خێزانه‌که‌ی  زوو زوو په‌یوه‌ندیان به‌ مینگیلا کرد و که‌ مینگیلا له‌و کاته‌دا زۆری له‌ ریکساک ده‌کرد به‌ زووترین کات گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ واژووبکات به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند یانه‌یه‌کی تر ئه‌وروپی له‌سه‌ر هێل بوون ،
هه‌ردووکیان له‌ یه‌کێک له‌ چێشتخانه‌کانی که‌ناری ڕووباری لابارثێلونیتا  یه‌کیان بینی ، له‌و چێشتخانه‌ به‌رشلۆنه‌ییه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌رزشی ده‌چوو ، دوای نان خواردن  ریکساک  کاغه‌زێکی ده‌رهێنا و له‌سه‌ری نوسی : من کارلیس ریکساک یارمه‌تیده‌ری ڕاهێنه‌ری یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ بۆ تۆپی پێ ، ڕایده‌گه‌ینم که‌ ئیلتیزام به‌ واژووکردنی گرێبه‌ست ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ لیۆنێل میسی له‌ باری ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر مه‌رجه‌کانی ڕێکه‌وتنامه‌که‌ و به‌هاکه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ردوولا  

ئه‌م هه‌واڵه‌ گه‌یشته‌ بنه‌ماڵه‌ی میسی و ئێستا له‌ پێناو گرێبه‌ست واژووکردن ، ده‌بوو میسی ماڵئاوایی له‌و شاره‌ بکات که‌ لێی گه‌وره‌ بوو بوو ڕووبکاته‌ به‌رشلۆنه‌ .
خێزانه‌که‌ی کۆبونه‌وه‌یه‌کیان له‌ ده‌وری مێزێک گرێدا بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری یه‌کلایی که‌ره‌وه‌ بده‌ن ، میسی ئاره‌زووی خۆی بۆ  گواستنه‌وه‌ی بۆ  خۆشه‌ویترین یانه‌ی خۆی که‌ به‌رشلۆنه‌ بوو ده‌ربری ، له‌سه‌ر ئاره‌زووی خۆی به‌ فرۆکه‌یه‌کی هێلی ئیبریا  ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و ئیسپانیا به‌ڕێکه‌وت و له‌شاری به‌رشلۆنه‌ له‌ یه‌کێک له‌ هۆتێله‌کان نیشته‌جێ بوو نزیک له‌ یاریگای کامبوونی جیهانی  ، هه‌رچه‌نده‌ نزیکبوو له‌ کامب نوو به‌ڵام میسی ڕۆژانێکی یه‌کجار ناخۆشی به‌سه‌ر برد له‌ سه‌ره‌تا ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌بوو خۆی زۆربه‌ی کاره‌کانی بکات که‌ ته‌مه‌نی زۆر له‌وه‌ بچوکتر بوو بتوانێت و سه‌ره‌ڕای دووری له‌ نیشتمانی و خێزانه‌که‌ی و هۆکاره‌ ده‌روونیه‌کانی تر
میسی زۆر به‌زووی له‌ گه‌ڵ کلتوری تازه‌ی ئیسپانیا ڕاهات ، خێزانه‌که‌ی له‌ خۆیانیان ده‌پرسی ئایا ئه‌زموونی میسی له‌گه‌ڵ بارسا و ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی شایسته‌ی ئه‌و هه‌موو ماندووبوون و ئازاره‌یه‌ که‌ چه‌شتیان تاوه‌کو کوڕه‌که‌یان گه‌یانده‌ ئه‌وێ ؟ دوا تر خۆرخی میسی بڕیاریدا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕۆزاریۆ و به‌ خێزانه‌که‌ی وت : من و ماتیاس و رۆدریگۆ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ رۆزاریۆ تۆ لێره‌ بمێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ میسی له‌ به‌رشلۆنه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕوویدا .. دواتر میسی گرێبه‌ستی پیشه‌گه‌ری خۆی له‌گه‌ڵ به‌رشلۆنه‌ له‌ مانگی سێی ساڵی ٢٠٠١ واژووکرد و له‌و کاته‌وه‌ کاروانی ئه‌فسانه‌یی خۆی ده‌ستپیێکرد و داهێنانه‌کانی سه‌ری هه‌ڵدا که‌ هیچ سنورێکیان بۆ نیه‌.

کاروانی یاریکردن

بەرشلۆنە
لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٣   مێسی یاری بۆ چەند یانەیەکی پلە بچووکەکانی بەرشلۆنە ئەنجامدا وەکو  ( بەرشلۆنەی بچووک – ب ) ،  ( بەرشلۆنە کادێتی ب ) ،  ( بەرشلۆنە کادێتی – آ )  کە هەموویان بەشێک بوون لە ئەکادیمیای لاماسیا  .  لەگەڵ کادێتی آ    مێسی ٣٠ یاری ئەنجامداوە و ٣٧ گۆڵی تۆمارکرد  .. پاشان  لە ساڵی ٢٠٠٣  – ٢٠٠٤ گوێزرایەوە بۆ پلەیەکی بەرزتر کە  ” بەرشلۆنە جوڤێنیل – ب ” بوو  ، هێندەی نەبرد  لەوێش نەماوە و پەیوەندی کرد بە  ” جوڤینێل  – آ )   لە وێ جوڤینێل – آ   مێسی ١٤ گۆڵی لە ٢١ یاری تۆمارکرد و سەرنجی مامۆستاکانی بۆخۆی ڕاکێشا .   دوای تاقیکردنەوەی پێنج یانەی ئەکادیمیای لاماسیا   ، لە  ٢٠٠٣/١١/٢٩  مێسی یەکەم یاری خۆی بۆ یانەی  سێهەمی بەرشلۆنە ئەنجامدا   کە  ٥ گۆڵی لە ٨ یاری بۆ تۆمارکرد . پاشان لە ٢٠٠٤/٣/٦   گوێزرایەوە بۆ  تیمی دووەمی بەرشلۆنە کە لە خولی پلە دووی ئیسپانی یاری دەکرد .

مێسی  لە ساڵی ٢٠٠٣  یەک یاری بۆ تیپی یەکەمی بەرشلۆنە ئەنجامدا  بەرامبەر پۆرتۆ  کە لەو کاتەدا تەمەنی  ١٦ ساڵ و ١٤٥ ڕۆژ بوو .   پاشان تێپەڕبوونی کەمتر لە ساڵێک لەگەڵ تیپی دووەم . لە بەرواری   ٢٠٠٤/١٠/١٦   ئەو کاتەی تەمەنی ١٧ ساڵ و ١١٤ ڕۆژ  لەلایەن فرانک ڕیکاردی ڕاهێنەری ئەوکاتەی بەرشلۆنەوە بانگهێشتی تیپی یەکەمی بەرشلۆنە کرا و بەشداری لە یاری بەرامبەر ئیسپانیۆل کرد . بەوەش بووە سێهەم  گەنجترین یاریزان لە مێژووی بەرشلۆنە کە یاری لە لالیگا کردبێت بەڵام پاشان لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆیاک کریکیچ ژمارە پێوانەییەکەی مێسی شکاند . مێسی ئەو کاتەی تەمەنی گەیشتە ١٧ ساڵ و ١٠ مانگ و ٧ ڕۆژ بووە گەنجترین یاریزان کە گۆڵی بۆ بەرشلۆنە تۆمارکردبێت لە لالیگا ، بەڵام دووبارە ئەو ژمارە پێوانەییەی لەلایەن بۆیانەوە شکێنرا   هەرچەندە خۆی گۆڵەکەی بۆ دروست کرد . ناوبراو سەبارەت بە فران ڕیکارد دەڵێت


وەرزی  ٢٠٠٥ – ٢٠٠٦ :
لە نۆڤەمبەری ٢٠٠٥ ، بۆ دووەمجار لە ماوەی سێ مانگدا  گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەی مێسی کرا . ئەمجارەیان موچەکەی بەرزکرایەوە و  وادەی گرێبەستەکەشی تا ٢٠١٤ درێژکرایەوە . هەر لەو ساڵەدا مافی نیشتەجێبوون لە ئیسپانیا  درا بە مێسی . ئەمەش ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری لە خولی ئیسپانی پلە یەکدا بکات . لەو وەرزەدا   ١٧ یاری لە لالیگا ئەنجامدا و ٦ گۆڵی تۆمارکرد ، ٦ یاری لە خولی پاڵەوانەکان ئەنجامدا و گۆڵێکی تۆمارکرد .. ئەو وەرزەی خولی ئیسپانی هەر لە مانگی سێ وە بۆ مێسی بەکۆتاهات چونکە تووشی پێکانێکی سەخت هات لە یاری خولی پاڵەوانەکان بەرامبەر چێڵسی  . بەرشلۆنەکەی فرانک ڕیکارد و ڕۆناڵدینهۆ لەو ساڵەدا  نازناوی خولی ئیسپانی و خولی پاڵەوانەکانیان بەرز کردەوە

وەرزی ٢٠٠٦ – ٢٠٠٧ :
مێسی لەو وەرزەدا بە تەواوی جێگای خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەی بەرشلۆنە کردەوە ،  ١٤ گۆڵی لە  ٢٦ یاریدا تۆمارکرد .  بەڵام لە ١١/١٢ لە یاری بەرامبەر ڕیاڵ زاراگۆزا دووبارە پێکرا و بۆ ماوەی سێ مانگ دوورکەوتەوە .    لە ٢/١١ لە یاری بەرامبەر ڕاسینگ سانتاندێر گەڕایەوە یاریگاکان و وەک یاریزانی یەدەگ بەشداری لە یارییە کرد  .  پاشان لە ٣/١١   لە کلاسیکۆی گەورە بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید یەکێک لە باشترین ئاستەکانی خۆی تا ئەو کاتە  پێشکرد  ، کاتێک  هاتریکی تۆمارکرد  لەو یارییەی بەرشلۆنەوە بە ١٠ یاریزانەوە ٣-٣ لەگەڵ ڕیاڵ بەرامبەربوون .
بەوەش بووە یەکەم یاریزان هاتریک لە کلاسیکۆ تۆمارکرد لە دوای ئیڤان زامۆرانۆ کە لە ساڵی ١٩٩٤ تۆماری کردبوو  . وە هەروەها  لیۆ   گەنجترین یاریزانە کە گۆڵی لە کلاسیکۆدا تۆمارکردبێت . هەر لەو وەرزەدابوو نازناوی ماڕادۆنای تازەی پێبەخشرا  ، بە تایبەت دوای  تۆمارکردنەوەی گۆڵە مێژووییەکەی ماڕادۆنا لە یاری کۆپا دێل ڕەی بەرامبەر خیتافی لە ٢٠٠٧/٤/١٨ کە هاوشێوەی ئەو گۆڵە بوو  ماڕادۆنا لە جامی جیهانی ١٩٨٦ لە یاری بەرامبەر ئینگلتەرا تۆمارکرا و نازناوی جوانترین گۆڵی سەدەی پێبەخشرا .
دوای ئەو گۆڵە  دەزگاکانی ئیسپانیا  مێسیان ناونا مێسی دۆنە کە زیاد لە ٦٢ مەتری بڕی و لە ٦ یاریزان دەرچوو   هاوشێوەی ماڕادۆنا  کە بە نزیکەیی لە هەمان دوورییەوە بوو وە لە هەمان دووریشەوە گۆڵەکەی تۆمارکرد  . دوای گۆڵەکەش بەرەو ئاڵای کۆڕنە ڕایکرد  ڕێک وەک ئەوەی ٢١ ساڵ پێش ئەو گۆڵە ماڕادۆنا کردی .  دوای یارییەکە  دیکۆی هاوڕێی مێسی  سەبارەت بەو گۆڵە وتی ” ئەوە جوانترین گۆڵ بوو لە ژیانمدا بینیبێتم ” .
جارێکی تر مێسی  گەڕایەوە و گۆڵێکی دیکەی هاوشێوەی ماڕادۆنا تۆمارکرد لە یاری بەرامبەر ئیسپانیۆل  . گۆڵەکە بە دەست تۆماریکرد  هاوشێوەی ئەو گۆڵەی ماڕادۆنا لە چارەگی کۆتایی جامی جیهانی لە ئینگلتەرای تۆمارکرد .
وەرزی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ :
لە سەرەتای وەرزی ٢٠٠٧ – ٢٠٠٨  مێسی پێنج گۆڵی لە یەک هەفتەدا تۆمارکرد .  سەرەتا لە ١١/١٩ یاری خولی پاڵەوانەکان بەرامبەر لیۆن گۆڵێکی تۆمارکرد لەو یارییەی ٣-٠ بردیانەوە ، پاشان لە ١١/٢٢  ٢ گۆڵی لە یاری بەرامبەر سیڤیلیا تۆمارکرد و  وە لە ١١/٢٦  دوو گۆڵی لە ڕیاڵ زاراگۆزا تۆمارکرد لەو یارییەی ٤-١ بردیانەوە .  وە گۆڵی شەشەم لە ٢٩ی ئەو مانگەدا تۆماری کرد لە بەرامبەر لیڤانتی … لە  ٢٠٠٨/٢/٢٧   مێسی  لە بەرامبەر ڤالەنسیا یاری ژمارە ١٠٠ی ئەنجامدا . مێسی پاڵێورا بۆ خەڵاتی باشترین هێرشبەری فیفپرۆ  ،
پاشان ڕۆژنامەکانی ئیسپانیای وەکو مارکا و ئەلمۆندۆ دیپۆرتیڤۆ و سپۆرت  پێیان وابوو مێسی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەست دەهێنێت و فرانز پیکنپاوەری قەیسەری ئەڵمان پشتگیری لەو پێشهاتە کرد . بەڵام کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ نازناوەکەی بەدەست هێنا مێسی لە مانگی سێ  تووشی پێکان هات و بۆ ماوەی ٦ هەفتە دوورکەوتەوە ، کە ئەوە چوارەم  پێکانی  ماسولکەکانی ڕانی ڕاستی بوو لە سێیەم وەرزیدا .  کە گەڕایەوە لە پێکانەکەی دواین گۆڵی خۆی لەو وەرزەدا تۆمارکرد  لە یاری بەرامبەر ڤیاڕیاڵ .  بەوەش کۆی گۆڵەکانی لەو وەرزەدا گەیاندە ١٦ گۆڵ و ١٣ گۆلیشی دروست کرد .
وەرزی ٢٠٠٨ – ٢٠٠٩ :
دوای ڕۆیشتنی ڕۆناڵدینهۆ لە بلوگرانا ، مێسی لەلایەک درێسی ژمارە ١٠ی پێبەخشرا و لەلایەکیش ئەرکێکی زیاتری پێدرا لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکە .   لە ٢٠٠٨/١٠/١   لە یاری خولی پاڵەوانەکاندا بەرامبەر شاختار دۆنێتسک  لە دواین ٧ خولەکی یارییەکەدا ٢ گۆڵی تۆمارکرد کاتێک جێگای تێری هێنری گرتەوە و شکستی گۆڕییەوە بە بردنەوە بە ئەنجامی ٢-١ .
لە یاری دوای ئەوە بەرامبەر بە ئەتلەتیکۆ مەدرید یاری کرد بە جەنگێکی دۆستانەی نێوان مێسی و ئەگوێرۆ ناوبرا . مێسی لەو یارییەدا گۆڵێکی تۆمارکرد و  گۆڵێکی دیکەشی دروستکرد و سەرەنجام بەرسا ٦-١ یارییەکەی بردەوە . هەروەها لە یاری کلاسیکۆی بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید   گۆڵی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و لەو یارییەی ٢-٠ بردیانەوە .  لە ساڵی ٢٠٠٨ بە کۆکردنەوەی ٦٧٨ خاڵ لە پلەی دووەمی باشترین یاریزانی جیهان هات لە دوای کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ  .
مێسی یەکەم هاتریکی ساڵی ٢٠٠٩ی لە یاری جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید تۆمارکرد لەو یارییەی ٣-١ بردیانەوە .  مێسی  دوو گۆڵی زۆر گرنگی تۆمارکرد کاتێک لە نیوەی دووەمدا بەشداری لە یاری بەرامبەر ڕاسینگ سانتاندێر کرد و دۆڕانی گۆڕییەوە بە سەرکەوتن  لەو یارییەی بەرشە بە زەحمەت ٢-١ بردییەوە .   کە دووەم گۆڵی لەو یارییەدا گۆڵی ژمارە ٥٠٠٠ی بەرشلۆنە بوو لە مێژوی لالیگا .
مێسی لەو وەرزەدا تووشی پێکانێکی ئەوتۆ نەهات و ئەمەش  وایکرد  بە ئاستێکی زۆر باشتر ببینرێت و ژمارەیەکی زۆری گۆڵ تۆماربکات . بەشێوەیەک  لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی وەرز  گۆڵی ٣٥ ـەم و ٣٦ ـەمی خۆی لە بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید تۆمارکرد ، لەو یارییەی بارسا ٦-٢ سەرکەوتنی بەدەست هێنا کە ئەوە قورسترین دۆڕانی ڕیاڵ مەدریدە لەوەتەی ساڵی ١٩٣٠  لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ . مێسی  دروستکەری گۆڵە مێژووییەکەی ئەندرێس ئینیێستا بوو لە یاری خولی پاڵەوانەکان بەرامبەر چێڵسی کە بەو گۆڵە  بارسا گەیشتە یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکان لە بەرامبەر مانچێستەر یونایتد ..
لە  ٥/١٣ یەکەم نازناوی کۆپا دێل ڕەی لەگەڵ بەرشلۆنە بەدەست هێنا دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی جامەکە بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو گۆڵێکی دروستکرد و گۆڵێکیشی تۆمارکرد  .  پاشان لە ٥/٢٧  گۆڵی دووەمی کاتالۆنیای تۆمارکرد لە یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکان بەرامبەر مانچێستەر و  نازناوی ئەو وەرزەی پاڵەوانێتییەکەیان بەرزکردەوە . هەروەها بووە گەنجترین گۆڵکاری خولی پاڵەوانەکان لە مێژوودا . هەر لە پەراوێزی ئەو ئاستە بەرزەی لە خولی پاڵەوانەکان پێشکەشی کرد وەک باشترین هێرشبەری خولەکانی ئەوروپا و باشترین یاریزانی خولەکانی ئەوروپا هەڵبژێردرا . لەو ساڵەدا  بەرشلۆنە   توانی کۆپا دێل ڕەی ، لالیگا ، چامپیۆنز لیگ بەرزبکاتەوە و بووە یەکەم یانە بتوانێت هەر سێ نازناوەکە بەیەکەوە بباتەوە.
وەرزی ٢٠٠٩-٢٠١٠
دوای بردنەوەی  جامی سوپەری ئەوروپا  ، پیپ گواردیۆلای ڕاهێنەری بەرشلۆنە مێسی بە باشترین یاریزان  دانا کە لە ژیانیدا بینیبێتی .  لە ٩/١٨   مێسی گرێبەستەکەی لەگەڵ بەرشلۆنە تاوەکو ٢٠١٦ درێژکردەوە ، وە هەروەها سزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەش بۆ ٢٥٠ ملیۆن یۆرۆ بەرزکرایەوە ، موچەکەشی بۆ ٩.٥ ملیۆن یۆرۆی ساڵانە  زیادکرا کە لەگەڵ زلاتان ئیبراهیمۆڤیج بوونە دوو خاوەن زۆرترین موچە لە مێژووی لالیگا  .
دوای چوار ڕۆژ لە تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی لە یاری بەرامبەر ڕاسینگ سانتاندێر  دوو گۆڵی تۆمارکرد و گۆڵێکیشی دروستکرد . مێسی  خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی ٢٠٠٩ی پێبەخشرا و  ڕۆناڵدۆ پلەی دووەمی پێبرا  بەڵام بە جیاوازییەکەی زۆری دەنگ ، ٤٧٣ دەنگ بەرامبەر ٢٣٣ دەنگ .پاشان مێسی بۆ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ئەو خەڵاتەی پێشکەش بە خێزانەکەی کرد و سوپاسی کردن کە هەمیشە لە پشتی بوون .
لە ١٢/١٩ مێسی گۆڵی بردنەوەی یاری کۆتایی جامی جیهانی یانەکانی لە بەرامبەر ئیستۆدیانتس تۆمارکرد ، بەوەش  بەرشە شەشەم نازناوی خۆی لە ماوەی یەک ساڵدا بەدەست هێنا . دوای دوو ڕۆژ لەو بردنەوەیە ،  مێسی بە باشترین یاریزانی جیهان لەلایەن فیفاوە هەڵبژێردرا  سەرکەوت بەسەر ڕۆناڵدۆ و زاڤی و کاکا و ئینیێستا  .   بەوەش بووە یەکەم یاریزانی ئەرژەنتینی کە ئەو نازناوە بەدەست بهێنێت . لە ٢٠١٠/١/١٠ مێسی یەکەم هاتریکی لەو وەرزەدا لە بەرامبەر تێنریفی تۆمارکرد لەو یارییەی ٥-٠ بردیانەوە .
وە لە  ١/١٧  گۆڵی ژمارە ١٠٠ی خۆی بۆ بەرشلۆنە تۆمارکرد لەو یارییەی ٤-٠ لە سیڤیلیایان بردەوە. دوای ئەوە  مێسی تەنیا لە پێنج یاریدا  ١١ گۆڵی تۆمارکرد  ، گۆڵەکانیش بەرامبە رمەلەگا و ئەلمێریا و ڤالەنسیا و شتوتگارت  و زاراگۆزا بوون . بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی یانەکە بتوانێت ئەوە ئەنجام بدات .  لە یاری بەرامبەر ئۆساسۆنا  لە ٢٠١٠/٣/٢٤  مێسی یاری ژمارە ٢٠٠ی خۆی لەگەڵ بارسا بە ئەنجام گەیاند . لە ٢٠١٠/٤/٦  بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا   چوار گۆڵی لە یەک یاریدا تۆمارکرد لە بەرامبەر ئارسناڵ ، لە دوای بردنەوەی بەرشلۆنە لە ئارسناڵ بە ئەنجامی ٤-١ لە خولی پاڵەوانەکان ، ئارسن ڤینگەری ڕاهێنەری ئارسناڵ سەبارەت بە مێسی وتی
هەر ئەوەندە کە دەستی بە ڕاکردن کرد ئیتر ڕاناگیرێت ، تاکە یاریزانە کە دەتوانێت هێند بە خێرایی ئاڕاستە بگۆڕێت ، ئەو باشترین یاریزانی جیهانە و لە یاریزانی پلەی ستەیشن دەچێت ، دەتوانێت سوود لە هەر هەڵەیەک وەربگرێت کە تیپی بەرامبەر دەیکات .
دوای ئەوە توانی جێگای ڕیڤاڵدۆ بگرێتەوە کە گەورەترین گۆڵکاری بارسا بوو لە خولی پاڵەوانەکان .. پاشان مێسی گۆڵی ژمارە ٤٠ی خۆی لەو وەرزەدا تۆمارکرد بەو دوو گۆڵەی لە یاری کلاسیکۆ لە ڕیاڵ مەدریدی تۆمارکرد .


لە ٥/١  مێسی یاری ژمارە ٥٠ی خۆی لەو وەرزەدا ئەنجامدا و دوو گۆڵی تۆمارکرد لە  بەرامبەر ڤیاڕیاڵ  ، دوای تەنیا سێ ڕۆژ   دوو گۆڵی دیکەی لە تێنریفی تۆمارکرد و  ژمارەی گۆڵەکانی تا کۆتایی وەرز گەیاندە ٣٤ گۆڵ ، بەوەش ژمارە پێوانەییەکەی ڕۆناڵدۆی بەڕازیلی یەکسانکردەوە لە ڕووی تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە یەک وەرزدا   .  مێسی  بۆ دووەم وەرزی لەسەر یەک نازناوی باشترین یاریزانی لالیگای پێبەخشرا.

وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ :
لە ٢٠١٠/٨/٢١  مێسی  هاتریکی تۆمارکرد لە یاری جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر سیڤیلیا  و ٤-٠ بردیانەوە  کە بارسا لە یاری چووندا ٣-١ تووشی شکست هاتبوو  ، بەمەش مێسی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای بۆ بەرشلۆنە ەبدەست هێنا .  وە هەروەها لە یەکەم یاری خولی ئیسپانیدا بەرامبەر ڕاسینگ سانتاندێر دوای تەنیا ٣ خولەک لە سەرەتای یارییەکە  گۆڵی  پێشکەوتنی تۆمارکرد .
مێسی  درێژەی بە ئاستە نمونەییەکەی دا لە یاری خولی پاڵەوانەکان بەرامبەر بە پاناسیناکۆس کاتێک دوو گۆڵی دروستکرد و دوو گۆڵیشی تۆمارکرد . لە ٢٠١٠/٩/١٩   لە یاری بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید تۆماس یۆفالوسی زۆر بە خراپی لە قاچی مێسی دا  کە بە ئاشکرادیاربوو مەبەستی ئازارگەیاندن بوو بەو ئەفسانەیە ، لێدانەکە لە خولەکی ٩٢ی یارییەکە بوو . لە سەرەتا ترسی ئەوە هەبوو پاژنەی پێی مێسی شکاند بێت کە بەوە لانی کەم ٦ مانگ یاریزانەکە دووردەکەوتەوە لە یاریگاکان  ب، ەڵام پشکنینی MRI مژدەی ئەوەیدا بە یانەکە و بە هاندەران کە مێسی تەنیا تووشی کەمێک درز بووە و بە زوویی چاک دەبێتەوە .
کە مێسی گەڕایەوە لە پێکانەکەی گۆڵی بەرامبەری بۆ بارسا تۆمارکرد لەو یارییەی ١-١ لەگەڵ مایۆرکا یەکسان بوون ، پاشان لە یاری خولی پاڵەوانەکان  لە یاری بەرامبەر کۆپنهاگن  گۆڵێکی تۆمارکرد و یارمەتی یانەکەیدا بۆ بردنەوە بە ئەنجامی ٢-٠ .  پ
لەو یارییەی بارسا ٨-٠ گۆڵبارانی ئەلمێریای کرد   مێسی گۆڵی ژمارە ١٠٠ی خۆی لە لالیگا تۆمارکرد  . پاشان لە ١٠ یاری یەک لە دوای یەکدا   بە بێ گۆڵ لە یاریگا نەچووە دەرەوە . دوای ١٠ یاری ، لە یاری کلاسیکۆی بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید ژمارە پێوانەییەکەی مێسی وەستێنرا و نەیتوانی لەو یارییە گۆڵ تۆماربکات بەڵام دوو گۆڵی بۆ داڤید ڤیا تۆمارکرد  کاتێک بەرشلۆنە ٥-٠ شکستی بە ڕیاڵ هێنا .
یەکەم گۆڵی خۆی لە ٢٠١١  لە بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ لاکۆرونا لە لێدانی ڕاستەوخۆ تۆمارکرد ، بەڵام جگە لەو گۆڵە وەک هەمیشە   گۆڵی بۆ ڤیا و پێدرۆ دروستکرد . مێسی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی ٢٠١٠ی بردەوە و پێش هەردوو هاوڕێکەی زاڤی و ئینیێستا کەوت .
دوای تەنیا دوو ڕۆژ لە بردنەوەی ئەو نازناوە  لە بەرامبەر ڕیاڵ بیتس هاتریکی تۆمارکرد .. لە یەکەم یاری قۆناغی دووەمی خولی ئیسپانیا لە یاری بەرامبەر ڕاسینگ سانتاندێر  کاتێک بە لێدانی سزا گۆڵێکی تۆمارکرد   درێسەکەی بەرزکردەوە و لەژێری نوسرا بوو ” ڕۆژی لە دایک بوونت پیرۆز بێت دایە ” .  مێسی بەردەەوام بوو لە گۆڵ تۆمارکردن لە هەفتەکانی دواتر بەرامبەر ئەلمێریا و هێرکولیس .   وە هەروەها بەرشلۆنە ژمارەیەکی پێوانەیی تازەی تۆمارکرد کاتێک ٣-٠ شکستیان بە ئەتلەتیکۆ مەدرید هێنا و ١٦ سەرکەوتنی یەک لە دوای یەکیان لەلالیگا مسۆگەرکرد  . پاشان لە لەو یارییەی ڕیاڵ و بارسا ١-١ بەرامبەربوون ، مێسی گۆڵی ژمارە ٨ی خۆی لە کلاسیکۆ تۆمارکرد  ..  پاشان لە ٤/٢٣  لە یاری بەرامبەر ئۆساسۆنا مێسی گۆڵی ژمارە ٥٠ی لەو وەرزەدا تۆمارکرد . 

پاشان لە یاری چارەگی کۆتایی خولی پاڵەوانەکان بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید ئاستێکی مێژوویی پێشکەشکرد و دوو گۆڵی تۆمارکرد  کاتێک بارسا ٢-٠ سەرکەوتنی بەدەست هێنا . پاشان لە یاری کۆتایی خولئ پاڵەوانەکان لە وێمبڵی بە گۆڵێکی مێسی بارساسێهەم نازناوی خولی پاڵەوانەکانی لە ماوەی ٦ ساڵدا بەدەست هێنا .


وەرزی ٢٠١١- ٢٠١٢ : 

مێسی وەرزی تازەی بە بەرزکردنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا دەست پێکرد ، کاتێک بە کۆی یاری چوون و هاتن سەرکەوتن بەسەر ڕیاڵ مەدرید بە ئەنجامی ٥-٤   ، مێسی لەو دوو یارییەدا سێ گۆڵی تۆمارکرد و دوو گۆڵەکەی دیکەش هەر ئەو دروستی کردن  . پاشان لە یاری جامی سوپەری ئەوروپا لە پاسێکی گوارین  یەک لە دوو گۆڵەکەی بارسای تۆمارکرد بەرامبەر پۆرتۆو  ئەو جامەشیان بەدەست هێنا .
لە یەکەم یاری خۆی لەلیگا بەرامبەر ڤیاڕیاڵ دوو گۆڵی تۆمارکرد . لە ١١/١٧  لەو یارییەی ٧-٠ شکستیان بە ئۆساسۆنا هێنا و مێسی هاتریکی تۆمارکرد  ، لە کاتی تۆمارکردنی گۆڵی یەکەمدا سەلماندی لە دەرەوەی یاریگاش باشترینە کاتێک گۆڵەکەی پێشکەشکرد بە کوڕێکی ١٠ ساڵەی مەغریبی بە سۆفیان  کە هاندەرێکی سەرسەختی بولگرانابوو  تووشی حاڵەتێکی نەخۆشی دەگمەن هاتووە و ژیانی لە سەرە مەرگدا بوو .
لە ٩/٢٨   یەکەم دوو گۆڵی خۆی لە خولی پاڵەوانەکاندا بەرامبەر باتی بۆریسۆڤ تۆمارکرد و  بووە دووەم گەورەترین گۆڵکاری مێژووی بەرشلۆنە ، کە گۆڵەکانی گەیاندە ١٩٤ گۆل و لەگەڵ لازلۆ کوبالا یەکسانی کردەوە .  پاشان لە یاری بەرامبەر ڕاسینگ ٢ گۆڵی تۆمارکرد و  کوبالای بەجێهێشت .  لە یاری بەرامبەر مایۆرکا گۆڵی ژمارە ٢٠٠ی خۆی تۆمارکرد  و بووە دووەم گۆڵکاری مێژویی بارسا لە لالیگا ،  مێسی یەکەم خۆڵی لەسەر یاریگای سان مامێس تۆمارکرد لە یارییەکەی مێژوییەکەی نێوان بەرشلۆنە و ئەتلەتیک بلباو کە لە دواین خولەکدا   مێسی گۆڵی بەرامبەری  بۆ بارسا تۆمارکرد و ٢-٢ تەواوبوو . پاشان لە یاری بەرامبەر ئەیسی میلان  کە ٣-٢ بردیانەوە بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا گۆڵی لە تیپێکی ئیتاڵی تۆمارکرد .

وەرزی ٢٠١٢-٢٠١٣ :
یەکەم یاری ئەو وەرزە ی بارسا بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد بوو کە مێسی تێیدا دوو گۆڵی تۆمارکرد. پاشان لە یاری چوونی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ریال بە لیدانی سزا گۆڵێکی دیکەی هێنا و لە سێهەم یاریشدا دوو جار گۆڵی ئۆساسۆنای هەژاند، بەوەش لە سێ یاری یەکەمدا پێنج گۆڵی تۆمارکرد.    لە یاری گەڕانەوەشدا بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵێکی دیکەی لە ریاڵ تۆمارکرد و ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە ١٥ گۆڵ لە کلاسیکۆدا و بووە گۆڵکاری مێژوویی یانەکەی لە کلاسیکۆ.
لە ٢٠١٢ دا مێسی و رۆناڵدۆ  هەریەکەیان بە ١٧ دەنگ بوونە دووەم باشترین یاریزانی ئەورووپا و خەڵاتی یەکەمی بۆ ئینیێستا بوو.
لە ١١-١١ی ئەو ساڵەدا بەو دوو گۆڵەی لە مایۆرکای تۆمارکرد ژمارەی گۆڵەکانی لە ساڵی ٢٠١٢ دا گەیاندە ٧٦ گۆڵ و ژمارە پێوانەییەکەی پێلێی بەرازیلی شکاند وەک زۆرترین گۆڵ لە یەک سالدا کە گەوهەرە رەشەکە لە ١٩٥٨ ئەو مێژووەی نوسیبووەوە. لە پێش مێسی و پێلێ تەنها گێرد مولەری ئەڵمانی هەبوو کە بە ٨٥ گۆڵ لە یەک ساڵدا ناوی چوبووە کتێبی گینسەوە.
مێسی کەمتر لە دوو مانگی هەبوو تاوەکو نۆ گۆڵ تۆماربکات و ئەو ژمارەیە تێک بشکێنێت. لیۆ لە مانگی ١٢دا بەرامبەر ریال بیتس  گۆڵی ٨٥ و ٨٦ی تۆمارکرد و ژمارەکەی مولەری یەکسانکردەوە و لە هەمان یاریدا شکاند. بەوەش نەوەستا و تاوەکو ساڵی نوێ دەستی پێکرد  مێسی ٩١ گۆڵی تۆمارکرد. ئەوەش هەرگیز لە مێژوودا رووینەدابوو.
پاش ئەوە راستەوخۆ  بارسا رایگەیاند گرێبەستی ناوبراو نوێدەکەنەوە. ئەوە بوو لە مانگی دووی ساڵی ٢٠١٣دا  مێسی گرێبەستەکەی تاوەکو ٢٠١٨ نوێکردەوە بە موچەیەکی زیاترەوە.
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ دا  مێسی ریکۆردێکی دیکەی مێژوویی شکاند ئەویش بەدەستهێنانی تۆپی ئاڵتونی بوو بۆ چوارەم جار و سەرکەوت بەسەر رۆناڵدۆ و ئینیێستادا. پاش ئەو دەستکەوتەش بە ١٠ رۆژ  لە یاری بەرامبەر ئۆساسۆنادا  چوار گۆڵی لە یەک یاریدا تۆمارکرد.
لە ئەپریلی ٢٠١٣ دا  لیۆ بەرامبەر پاریس سان جێرمان توشی پێکان هات، پاش ئەوە بە کەمی لە یارییەکاندا دەبینرا و لە مانگی دوای ئەوەشدا بەرامبەر ئەتڵەتیکۆ مەدرید  یارییەکەی پێ تەواونەکرا و یاریگای جێهێشت، هەرچەندە راگەیەندرا لەو وەرزە یاری ناکاتەوە بەڵام دواتر دەرکەوتووە و بەردەوام بوو لە یارمەتیدانی یانەکەی.   سەرەڕای پێکان مێسی بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک بووە گۆڵکاری لالیگا بە ٤٦ گۆڵ و ١٢ ئاسیست.

وەرزی ٢٠١٣-٢٠١٤ :

لیۆ بۆ سێهەم ساڵی لەسەریەک پاڵێوراو بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەورووپا، بەڵام ئەمجارەش پلەی دووەمی بەدەستهێنا و خەڵاتەکە بووە بەشی فرانک ریبێری فەڕەنسی.  لە ١٨-٨ دا لیۆ  یەکەم یاری خۆی لە وەرزی نوێ بەرامبەر لیڤانتی ئەنجامدا و  تێیدا دوو گۆڵی تۆمارکرد و گۆڵێکیشی دروستکرد لەو یارییەی ٧-٠  گۆڵبارانی تیپی بەرامبەریان کرد. پاشان بە سەرکردایەتی مێسی و بە سوود وەرگرتن لە گۆڵی دەرەوەی یاریگای خۆیان شکستیان بە ئەتلەتیکۆ مەدرید هێنا لە جامی سوپەری ئیسپانیا.
لە ١-٩ دا   هاتریکی ژمارە ٢٣ی خۆی بەرامبەر ڤالەنسیا تۆمارکرد و بووە یەکەم یاریزان زۆرترین گۆڵی لە دەرەوەی یاریگای خۆیان تۆمارکردبێت لە مێژووی لالیگا بە تۆمارکردنی زیاد لە ١٠٠ گۆڵ. لە مانگی ١١دا مێسی هاتریکێکی دیکەی تۆمارکرد بەڵام ئەمجارەیان لە خولی پاڵەوانەکان و بەرامبەر ئەجاکس ، بەوەش بووە یەکەم یاریزان چوار هاتریک لەو خولەدا تۆماربکات. هەروەها بووە دووەم گۆڵکاری مێژووی خولی پاڵەوانەکان بە ٦٣ گۆڵ. مێسی پاش ئەوە پێکرایە و تاوەکو ساڵی نوێ نەگەڕایەوە، ئەوەش سێهەم پێکانی ئەو یاریزانە بوو لەو وەرزەدا.
لە ساڵی نوێ بووە دووەم باشترین یاریزان و خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بووە بەشی کریستیانۆ رۆناڵدۆ. لە یەکەم یاری گەڕانەوەشی لە پێکانەکەی  دوو گۆڵی بەرامبەر خیتافی تۆمارکرد لە جامی شای ئیسپانیا.  لە مانگی سێ دا جارێکی دیکە بارسا ٧-٠ بردیەوە و ئەمجارەیان بەرامبەر ئۆساسۆنا. لیۆ لەو یارییەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد و بووە گۆڵکاری یەکەمی مێژووی بارسا بە هەژمارکردنی گۆڵی هەموو پاڵەوانیتی ویارییە دۆستانەکان بە ٢٢٨ گۆڵ.
ئاستی بارسا لەو وەرزەدا وەک پێویست نەبوو ، لیۆ و بارسا تەنها نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیایان بەدەستهێنا. لیۆ ٤١ گۆڵی لەکۆی گشتیدا تۆمارکرد کە ٢٨یان لە لالیگابوو، بەڵام ئەو ژمارەیە بەس نەبوو تاوەکو ببێتە گۆڵکاری لالیگا و رۆناڵدۆ بە ٣١ گۆڵ پیچیچی بەرزکردەوە.

وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥

ئێستا لەم وەرزەداین و   لیۆ  جارێکی دیکە لە یەکەم یاریدا دوو گۆڵی تۆمارکرد  کاتێک روبەرووی ئێلچی بوونەوە.  تەمەنی تەنیا ٢٧ ساڵە بەڵام لەو یاریەی ٦-٠ لە گرانادایان بردەوە ، توانی دوو گۆڵ تۆماربکات و ژمارەی گشتی گۆڵەکانی بگەیەنێتە ٤٠٠ گۆڵ.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەرژەنتین
تاکە ڕەخنەیەک لە ساڵانی رابردوو رووبەرووی ئەو یاریزانە دەبووەوەو ببووە خاڵی لاوازی ئەو پێشکەشنەکردنی هەمان ئەو ئاستەبوو لەگەڵ ئەرژەنتین کە لەگەڵ بارسا پێشکەشی دەکرد. هەرچەندە  ئەو باسەش کۆتایی هات پاش یارمەتیدانی تانگۆ بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی و پاشانیش سەرکردایەتیکردنی ئەو هەڵبژاردەیە بۆ بەدەستهێنانی پلەی دووەم لە جامی جیهانی بەرازیلدا.
مێسی لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠٠٤  بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەرژەنتینی خوار ٢٠ ساڵ کرا بۆ یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر پاڕاگوای ،  لە ساڵی ٢٠٠٥ یەکێک بوو لەو یاریزانانەی ئەرژەنتینی خوار ٢٠ ساڵ  کە جامی جیهانی لاوانیان بردەوە لە هۆڵەندا .  خەڵاتی باشترین یاریزان و گۆڵکاری جامەکەی پێبەخشرا . یەکەم یاری خۆی لەگەڵ تیپی یەکەمی ئەرژەنتین لە بەرامبەر هەنگاریا بوو کاتێک تەمەنی ١٨ ساڵ بوو لە ساڵی ٢٠٠٥ .  لە خولەکی ٦٣ دا هاتە ناو یاریگا  بەڵام لە خولەکی ٦٥  ناوبژیوان بە کارتی سوور کردییە دەرەوە  چونکە کەلەیەکی لە سنگی  بەرگریکار ڤیلمۆس ڤانزاک دا   لەبەر ئەوەی ڤانزاک درێسەکەی مێسی ڕاکێشا بوو .
لە ٩/٣  مێسی دووبارە بانگهێشتی ئەرژەنتین کرایەوە  لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی ٢٠٠٦ لەو یارییەی دۆڕان بە پاڕاگوای  . لە ٢٠٠٩/٣/٢٨ لە یاری پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی ٢٠١٠  بەرامبەر ڤەنزوێلا بۆ یەکەمجار مێسی درێسی ژمارە ١٠ی پۆشی  ، ئەرژەنتین ٤-٠ یارییەکەی بردەوە و مێسی گۆڵی یەکەم تۆمارکرد .
لە ٢٠١٠/١١/١٧  لە یارییەکی دۆستانەدا  و لە کلاسیکۆی جیهان مێسی لە دواین خولەکدا گۆڵی بردنەوەی لە هەڵبژاردەی بەڕازیل تۆمارکرد ، کە یەکەم گۆڵی ئەو یاریزانە بوو لە بەرامبەر بەڕازیل .  مێسی دووبارە لە دواین خولەکدا گۆڵی بردنەوەی بۆ ئەرژەنتین تۆمارکرد لە یاری دۆستانەی بەرامبەر پۆرتوگال کە ٢-١ بردیانەوە.

جامی جیهانی ٢٠٠٦ :
مێسی لە کۆتایی وەرزی ٢٠٠٥ – ٢٠٠٦ تووشی پێکان هاتبوو بۆ ماوەی دوو مانگ و ترسی ئەوە هەبوو نەتوانێت بەشداری لە جامی جیهانی ٢٠٠٦ بکات . بەڵام لە وادەی خۆیدا لە پێکانەکەی چاک بووەوە و بانگهێشتی تانگۆ کرا بۆ جامی جیهانی .  لە یەکەم یاری ئەرژەنتین لە پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر کۆت دیڤوار  مێسی  تەنیا بینەربوو لەسەر کورسی یەدەگ   و ئەرژەنتین یارییەکەی بردەوە . لە دووەم یاری بەرامبەر صربیا و مۆنتینیگرۆ مێسی بەشداری کردو بووە  گەنجترین یاریزان کە لە جامی جیهانی یاری بۆ ئەرژەنتین کردبێت کاتێک لە خولەکی ٧٤ جێگای ماکسی ڕۆدریگێزی گرتەوە .  گۆڵێکی بۆ هێرنان کریسپۆ دروستکرد و  وە گۆڵی شەشەمی یارییەکەی تۆمارکرد  لەو یارییەی ٦-٠ بردیانەوە ،  بەوەش بووە بجوکترین یاریزان کە بە ماوەیەکی کەم دوای هاتنە ناوەوەی گۆڵی تۆمار کردبێت . وە بووە شەشەم بچوکترین یاریزان کە گۆڵی لە جامی جیهانی تۆمارکردبێت  .
مێسی لە یاری بەرامبەر هۆڵەندا  لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوو  بەڵام یارییەکە ٠-٠ بەکۆتاهات  .  پاشان لە یاری بەرامبەر مەکسیک لە خولەکی ٨٤  بەشداریکرد و  گۆڵێکی تۆمارکرد بەڵام بە بیانووی ئۆفساید ڕەتکرایەوە پاشان لە کاتی زیادکراو  بە گۆڵێکی مێژوویی ماکسی ڕۆدریگێز  ئەرژەنتین ٢-١ یارییەکەی بردەوە . دوای تەواوبونی کاتی ئاسایی ١-١ . لە یاری چارەگی کۆتاییدا بەرامبەر ئەڵمانیا  خۆزێ پیکەرمانی ڕاهێنەر ,   مێسی لەسەر کورسی یەدەگ هێشتەوە و بەشداری پێنەکرد . سەرەنجام بە لێدانەکانی سزای یەکلاکەررەوە ئەڵمانیا یارییەکەی بردەوە و ئەرژەنتین ماڵئاوایی کرد .

کۆپا ئەمێریکا ٢٠٠٧ :
یەکەم یاری مێسی لە کۆپا ئەمیریکا بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو  لەو یارییەی ئەرژەنتین ٤-١ سەرکەوتنی بەدەست هێنا و مێسی ڕۆڵی گۆڵ دروستکەری بینی  ، لە خولەکی ٧٩  تێڤێز جێگای مێسی گرتەوە و ڕاستەوخۆ گۆڵێکی تۆمارکرد . دووەم یاری مێسی  بەرامبەر کۆڵۆمبیا بوو  تێیدا لێدانیکی سزای لەسەر گیرا و کریسپۆ لێدانە سزاکەی جێبەجێ کرد .  پاشان فاوڵێکی لەسەر گیرا و خوان ڕۆمان ڕیکێڵمی  لێدانە ڕاستەوخۆکەی جێبەجێکرد و گۆڵی تۆمارکرد .   دوای ئەوەی ئەرژەنتین خۆی گەیاندە قۆناغی چارەگی کۆتایی ڕاهێنەر پشووی بە مێسی دا لە یاری بەرامبەر پاڕاگوای و لە خولەکی ٦٤ هاتە ناو یاریگا و گۆڵێکی بۆ خافیێر ماسکێرانۆ دروست کرد   . پاشان لە یاری بەرامبەر پیرۆ لە پاسێکی ڕیکێلمی  ، مێسی دووەم گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد و ئەرژەنتین ٤-٠ بردییەوە . پاشان لە قۆناغی پێش کۆتا بەرامبەر مەکسیک    مێسی تۆپەکەی فڕیدایە پشت  ئۆسڤاڵدۆ سانچێز و  ئەرژەنتینی گەیاندە یاری کۆتایی جامەکە بەڵام لە یاری کۆتایی ٣-٠ بە بەڕازیل دۆڕان .
ئۆڵۆمپیادی ٢٠٠٨ :
سەرەتا بەرشلۆنە ڕازی نەبوو ڕێگا بە مێسی بدات  بەشداری لە ئۆڵۆمپیادی ساڵی ٢٠٠٨ بکات  ، بەڵام مێسی قسەی لەگەڵ پیپ گواردیۆلا کرد کە تازە بووەوە ڕاهێنەری بەرشلۆنە و رەزامەندی ئەوی بەدەست هێنا . مێسی گۆلی یەکەمی بۆ ئەرژەنتین تۆمارکرد بەرامبەر کۆتدیڤوار کاتێک ٢-١ بردیانەوە . پاشان لە یاری بەرامبەر هۆڵەندا  گۆڵێکی تۆمارکرد و وە گۆڵێکی بۆ ئەنخل دی ماریا دروستکرد لە کاتی زیادکراودا .  پاشان  شکستیان بە بەڕازیل هێنا ٣-٠ و  لە یاری کۆتایدا  گۆڵێکی بۆ ئەنخل دی ماریا دروستکرد و ئەرژەنتین شکستی بە نێجیریا هێنا و مەدالیای ئاڵتونی بردەوە .
جامی جیهانی ٢٠١٠ :
مێسی لە یەکەم یاری ئەرژەنتین لە جامی جیهانی تا کۆتایی یاری کرد  لەو یارییەی ١-٠ لە نێجیرییان بردەوە . چەندین جار نزیک بوو لە تۆمارکردنی گۆڵ بەڵام ئینییامای گۆڵپارێز هەموویانی ڕەتکردەوە .  لە دووەم یاریدا ٤-١ شکستیان بە کۆریا هێنا و   مێسی یارمەتی هیگواینیدا بۆ ئەوەی لەو یارییە هاتریک تۆماربکات  . پاشان لە یاری بەرامبەر یۆنان  مێسی کاپتنی ئەرژەنتین بوو ، یارییەکەیان ٢-٠ بردەوە و مێسی وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دەست نیشانکرا .
لە قۆناغی ١٦ دا ، دروسکەری گۆڵێک بوو بۆ کارلۆس تێڤێز لەو یارییەی ئەرژەنتین ٣-١ سەرکەوتنی بەدەست هێنا . تا ئەوکاتە   ئەرژەنتین ئاستێکی زۆر بەرزی لە جامی جیهانی پێشکەش کردبوو .  بەڵام لە قۆناغی چارەگی کۆتایی تووشی شکستێکی مێژویی هات  بەرامبەر ئەڵمانیا و ٤-٠  شکستیان خوارد و ماڵئاواییان کرد .
کۆپا ئەمێریکا ٢٠١١ :
مێسی بەشداری لە کۆپا ئەمێریکای ٢٠١١ کرد بەڵام شکستی هێنا لەوەی بتوانێت هیج گۆڵێک تۆماربکات  لە بەرامبەردا  سێ گۆڵی دروست کرد . وە هەروەها لە یاری بەرامبەر بۆلیڤیا و کۆستاریکا  بە باشترین یاریزان دەست نیشانکرا .  ئەرژەنتین لە قۆناغی چارەگی کۆتایی بە لێدانەکانی سزای یەکلاکەرەوە  دۆڕا بە ئۆرۆگوای و ماڵئاوایی کرد .
جامی جیهانی ٢٠١٤:
ئاستە خراپەکەی ئەرژەنتین لە کۆپا ئەمیریکا بووە هۆی ئەوەی باتیستای راهێنەر دەربکرێت و ئەلیخاندرۆ سابێلا جێگای گرتەوە. سابێلا لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا مێسی کردە کاپتنی یەکەمی وڵاتەکەی.  ئەویش پاداشتەکەی بە هاتریکێک دایەوە لە ساڵی ٢٠١٢دا بەرامبەر سویسرا ، کە یەکەم هاتریکی مێسی بوو بۆ ئەرژەنتین.  هەر لەو ساڵەدا مێسی دووەم هاتریکی تۆمارکرد ئەمجارەیان بەرامبەر بەڕازیل  کاتێک ٤-٣ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و لیۆ بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا هاتریک لە بەرازیل تۆماربکات.
لە پاڵاوتنی جامی جیهانیدا ئەرژەنتین بە پلەی یەکەم سەرکەوت و مێسی ١٠ گۆڵی لە پاڵاوتنەکان تۆمارکرد بەوەش بووە گۆڵکاری دووەم.  لە میانەی جامی جیهانیشدا  ئەرژەنتین و مێسی بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتن و لیۆ لە تەواوی یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان  گۆڵی سەرکەوتنی ئەرژەنتینی تۆماردەکرد. هەرچەندە لە قۆناغەکانی دواتردا گۆڵی نەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بووە باشترین یاریزانی جامی جیهانی. هەرچەندە فیفا رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە لەسەر هەڵبژاردنی ئەو یاریزانە. بەڵام مێسی دڵی هاونیشتیمانیانی ئاشتکردەوە و چیدیکە ئەو باسە نەما کە لیۆ وەک پیویست گرنگی بە ئەرژەنتین نادات و بارسای خۆشتر دەوێت.


نازناوەکان :
- لەگەڵ بەرشلۆنە
  • ٦ نازناوی لالیگا  : ( ٢٠٠٤-٢٠٠٥ ) ، ( ٢٠٠٥-٢٠٠٦ ) ، ( ٢٠٠٨-٢٠٠٩) ،(  ٢٠٠٩-٢٠١٠) ، (٢٠١٠-٢٠١١ ) , (٢٠١٢-٢٠١٣)
  • ٢  نازناوی کۆپا دێل ڕەی :  ( ٢٠٠٨-٢٠٠٩ ) ، (٢٠١١-٢٠١٢)
  • ٦ جامی سوپەری ئیسپانیا : ٢٠٠٥ ، ٢٠٠٦ ، ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠ ، ٢٠١١  ، ٢٠١٣
  • ٣ نازناوی خولی پاڵەوانەکان : ( ٢٠٠٥-٢٠٠٦ ) ، ( ٢٠٠٨-٢٠٠٩) ، ( ٢٠١٠ – ٢٠١١ )
  • ٢ جامی سوپەری ئەوروپا : ٢٠٠٩ ، ٢٠١١
  • ٢  جامی جیهانی یانەکان : ٢٠٠٩،٢٠١١
- لەگەڵ ئەرژەنتین
  • ١ جامی جیهانی  هەڵبژاردەکان خوار ٢٠ ساڵ : ٢٠٠٥
  • ١ مەدالیای ئاڵتونی ئۆڵەمپی : ٢٠٠٨
  •  پلەی دووەمی جامی جیهانی : ٢٠١٤


نازناوە تاکەکەسییەکان
  • ٤ تۆپی ئاڵتونی  باشترین یاریزانی جیهان ٢٠٠٩،٢٠١٠،٢٠١١،٢٠١٢
  • پێکهاتەی نمونەیی مێژووی تۆپی پێ : ٢٠٠٩
  • ١  نازناوی باشترین یاریزانی ئەوروپای خوار ٢١ ساڵ : ٢٠٠٧
  • ٣ نازناوی باشترین یاریزانی لالیگا : ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠ ، ٢٠١١
  • باشترین یاریزانی جامی جیهانی ٢٠١٤
  • ١ نازناوی گۆڵکاری خولی ئیسپانی : ٢٠١٠
  • ١ نازناوی گۆڵکاری کۆپا دێل ڕەی : ٢٠١١
  • ٣ نازناوی باشترین یاریزانی بێگانەی لالیگا : ٢٠٠٧ ، ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠
  • ٥ نازناوی باشترین یاریزانی ئەمریکای لاتین لە لا لیگا : ٢٠٠٧ ، ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠ ، ٢٠١١,٢٠١٢
  •  ٣  پێڵاوی ئاڵتونی ئەوروپا ( گۆڵکاری گشت خولەکانی ئەوروپا )  : ٢٠١٠،٢٠١٢،٢٠١٣
  • ٥ نازناوی گۆڵکاری خولی پاڵەوانەکان : ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠ ، ٢٠١٠،٢٠١١،٢٠١٢
  • ١ نازناوی باشترین یاریزانی ئەوروپا : ٢٠١١ 
  • ١ نازناوی باشترین هێرشبەری خولی پاڵەوانەکان : ٢٠٠٩
  • ١ نازناوی باشترین یاریزانی یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکان : ٢٠١١
  • ٢ نازناوی باشترین یاریزانی یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکان کە لەلایەن هاندەرانەوە هەڵبژێردرابێت : ٢٠٠٩ ، ٢٠١١
  • ٣ نازناوی پێکهاتەی نمونەیی ویفا : ٢٠٠٨، ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠
  • ٥ نازناوی باشترین یاریزانی ئەرژەنتینی ساڵ : ٢٠٠٥ ، ٢٠٠٧ ، ٢٠٠٨ ، ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠ .
  • ٢ نازناوی باشترین یاریزانی فیفپرۆ : ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠
  • ٣ نازناوی باشترین یاریزانی گەنجی فیفپرۆ : ٢٠٠٦ ، ٢٠٠٧ ، ٢٠٠٨
  • ٢ نازناوی  تایبەتی فیفپرۆ بۆ یاریزانی گەنج : ٢٠٠٧ ، ٢٠٠٨
  • ٦ نازناوی پێکهاتەی نمونەیی فیفپرۆ لەسەر ئاستی جیهان : ٢٠٠٧ ، ٢٠٠٨ ، ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠،٢٠١٢،٢٠١٣
  • ١ نازناوی باشترین یاریزان لە  جامی جیهانی خوار ٢٠ ساڵ :  ٢٠٠٥
  • ١ نازناوی گۆڵکاری جامی جیهانی خوار ٢٠ ساڵ : ٢٠٠٥
  • ١ نازناوی باشترین یاریزانی گەنجی کۆپا ئەمێریکا : ٢٠٠٧
  • ٣ نازناوی باشترین یاریزانی گەنجی تۆپی پێی جیهان : ٢٠٠٦ ، ٢٠٠٧ ، ٢٠٠٨
  • ١ نازناوی تۆپی ئاڵتونی جامی جیهانی یانەکان : ٢٠٠٩
  • ٢ نازناوی ئۆنز دی ئۆر ( پلەی دووەمی تۆپی ئاڵتونی ) : ٢٠٠٩ ، ٢٠١٠
  • ١ نازناوی براڤۆ : ٢٠٠٧
  • ١ نازناوی ئاڵتونی توتۆ سپۆرت : ٢٠٠٥
  • ١ نازناوی باشترین یاریزانی مارکا  : ٢٠٠٩
  • ١ نازناوی جوانترین گۆڵی  ویفا :  ٢٠٠٧

لە وێنەدا
١- مێسی لە تەمەنی ١ ساڵیدا

٢-   مێسی لە تەمەنی چوار ساڵیدا  لەگەڵ یەکەم یانەی کە گراندۆلییە لە ڕۆساریۆ

٣-  مێسی و خوشکە بچوکەکەی ( ماریا سۆڵ )

٤-  مێسی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا  یەکەم نازناوی لەگەڵ یانەی شارەکەی بەدەست هێنا

٥-  مێسی لە ڕۆژی هەشتەمین ساڵیادی لە دایک بوونیدا

٦-  سەرەتاکانی لەگەڵ بەرشلۆنە

٧-  مێسی لە جامی جیهانی لاواندا  لە ساڵی ٢٠٠٥ کە بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشان کرا

٨-  ڕوووە و هەڵکشان و ناوبانگی لەگەڵ بەرشلۆنە

٩-  لەگەڵ ئەرژەنتین

١٠-  یەکەم یاری مێسی بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی ئەرژەنتین بەرامبەر هەنگاریا

  • كۆمێنت
  • كۆمێنت
Item Reviewed: تەواوى ژيانى ئەفسانەى تۆپى پێ لـــــیۆنێــــل مـــــێــــســــی Rating: 5 Reviewed By: Unknown